هاوڕێیه‌کی جه‌عفه‌ری مورادی
یه‌که‌م ڕۆژی ڕێبه‌ندانی ساڵی 1980ی زایینی بوو، که هه‌واڵی شه‌هید بوونی تێکۆشه‌رێکی زه‌حمه‌تکێش له شار ی مه‌هاباد دا بڵاو بۆوه ؛ تێکۆشه‌رێک که له ته‌مه‌نی کورت و که‌م ده‌وامیدا وانه‌ی ئه‌خلاق، هومێد، یه‌کگرتن و تێکۆشانی له ده‌فته‌ری مێژولکه‌ی خه‌باتی خۆیدا تۆمار کرد و به یادگاری بۆی جێ هێشتین.
کێ بێ و بزانێ ئه‌و کێ بوو؟ چ که‌س بزانێ بڵێسه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی که توخم و تۆوی هه‌دادانی لێ سووتاندبوو، له چ مێرخاسێکه‌وه پێی بڕابوو!
ئه‌و، نه (ژان ڤاڵژه‌ین)ه‌که‌ی په‌روه‌رده‌ی بیری (ڤیکتۆرهوگۆ)ی فه‌ڕه‌نسی بوو و، نه میراتگره‌که‌ی چیرۆکی(زاپاتا). ئه‌و، جه‌وهه‌ری ڕاسته‌کیی ڕه‌نج و سته‌مێک بوو که سێ له چواری نیشته‌جێیانی ئه‌م جیهانه پێی گیرۆده‌ن و له ده‌ستانی ده‌ناڵێنن. ئه‌و، ڕۆڵه‌ی ڕه‌نج و سه‌ربازی کار و ژیان بوو.
ئه‌و، وانه‌ی سازمانکاری و به‌ڕێوه‌بردنی جه‌ماوه‌ری ڕه‌نجبه‌ری له هیچ زانکۆ و ئاکادمیایه‌کی ئه‌م جیهانه دا نه‌خوێندبوو. ئه‌و هه‌ر ته‌نێ ڕه‌وش و ڕێبازی پڕ چه‌م و خه‌می ژیانه‌که‌ی ڕای هێنابوو که له ده‌می که‌وتندا چلۆن هه‌ستێته‌وه و چۆن به‌ره‌نگاری سته‌م ببێته‌وه.
ئه‌و، تینووی ناسین و شه‌یدای یارگیری بوو. له ناسینی یار و له دڵداری ده‌گه‌ڵ یارانیشی دا شاره‌یی و گوندی بوون، خوێندکار و نه‌خوێنده‌واربوونی له به‌ر چاو دا نه‌بوو. به‌بێ جیاوازی، ڕایه‌ڵی دۆستایه‌تی و ده‌ست پێدانی له هه‌موو ته‌ونیکی خاوێن دا ده‌گه‌ڕا.
خسڵه‌ته نه‌رم و نیانه‌که‌ی ئه‌و کارێکی وه‌های کرد که له ده‌ستێکه‌وه ببێته سه‌دان ده‌ست و ده‌ستی ده‌یان دۆستانیش تێک بلکێنێد.
ده‌ستی ئه‌و و دۆسته‌کانی ئه‌و بوون له ڕۆژی ڕه‌ش‌دا مۆمی وه‌فادارییان له گاز و ڕێبازی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی یارانی موعینی و شه‌ریفزاده داگیرساند و، بۆ کورته ده‌مێک ده‌نگی هومێدی سه‌رهه‌ڵدان بۆ ڕزگاری له چیاکان‌دا ده‌نگی دایه‌وه.
ئه‌وده‌م، جه‌عفه‌ری مورادی به تازه‌گی پێی نابوویه شازده‌ی ته‌مه‌ن، که‌چی دڵی هومێده‌واری ئه‌و گه‌لیک له پێش ته‌مه‌ن هه‌نگاوی ده‌نا و به‌ره‌و پێش ده‌چوو.
شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانی یارانی موعینی و شه‌ریفزاده ته‌مه‌ن کورت بوو، به‌ڵام ده‌یانی چه‌شنی جه‌عفه‌ر تێیدا ئاودیده کران و گوڵی یادی ڕاپه‌ڕینه‌که‌یان بۆ ڕۆژی دواتر هه‌ڵگرت.
ده‌ستی دۆستێک، ده‌ستانی سه‌عیدی موعینی و جه‌عفه‌ری تێک لکاند و دواتریش کاک حه‌مه حسێنی که‌ریمی تێکه‌ڵیان بوو. له‌وساوه جه‌عفه‌ر وه‌ک شابه‌یتی غه‌زه‌لی ڕاپه‌ڕینی لێهات و، چی وشه و به‌سته و ده‌سته‌واژه بوو، کردی به ئاڵای مه‌عنا و بناغه‌ی مه‌به‌ستی پێ داڕشت.
و ده‌روون خاوێنییه‌که‌ی جه‌عفه‌ر وێنه‌یه‌کی ده‌قا و ده‌ق بوو له بیره‌وه‌ندی و سه‌فای کاک فو‌ئاد، ماندوو نه‌ناسینه‌که‌ی مه‌شقیک بوو له کارنامه‌ی حه‌مه‌حسێن که‌ریمی مایه‌ی وه‌رگرتبوو و، گڕ و گه‌رمای هه‌ڵس و که‌وته‌که‌یشی له شه‌یدایی سه‌عیدی موعینی وه‌رگیرابوو.
ئه‌وده‌م که ده‌نگی شۆڕشی گه‌لان، حه‌شارگه‌ی سمکۆی له ڕه‌وه‌زه‌کانی(دارێنه)ی شاری بانه‌دا ئاوه‌دان کرده‌وه، ئاواتی جه‌عفه‌ر وه‌دی هات و چه‌ک و چیا و کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌رزی هه‌ڵبژارد و به شوێن ئاواتی‌دا ڕۆیی.
شۆڕشی شاخ و پێشمه‌رگه به‌بێ ڕێکخراوه‌ی نهێنیی شار، ڕه‌وتی ڕۆیشتنی نابێ و به‌بێ بوونی(خاوه‌ن ئه‌زموونه‌کان) له بره‌و ده‌که‌وێت، هه‌ربۆیه جه‌عفه‌ر گه‌ڕایه‌وه شار و، وه‌ک شاڕه‌گی خوێنبه‌ری ئۆرگانی کۆمه‌ڵه که‌وته‌وه کاری به‌رده‌وام.
گه‌لێک ساڵان، مانگی ڕێبه‌ندان له کوردستاندا ڕێ به‌ندانه. شار و گونده‌کانی به جلکی به‌فرینه‌وه سپی پۆش ده‌بن. ئه‌و ساڵه‌ش، واته ڕۆژی یه‌که‌می ڕێبه‌ندانی ساڵی 1980، شاری مه‌هاباد کۆش و داوێنی ده‌شت و چیاکه‌ی بۆ داوه‌رینی به‌فر کردبۆوه و به‌فری تێدا ده‌باری. گه‌نج و لاوه‌کان به بانانه‌وه بوون و به هه‌ره‌وه‌زی تێکرایی سه‌ربانی ماڵی ئه‌م و، حه‌وش و به‌رده‌رگای ئه‌ویشیان ڕاده‌ماڵی. ئه‌و ڕۆژه جه‌عفه‌ریش ده‌گه‌ڵ پۆلی هاواڵانی سه‌رقاڵی به‌فر ماشتن بوو، که دوو فیشه‌کی به‌دانسته‌ی به‌سه‌ردا ته‌قێندرایه‌وه. فیشه‌کی دووه‌م ده به‌فری گلاند. خوێنی ئاڵی جه‌عفه‌ر به سه‌ر ڕوومه‌تی زێوینی به‌فری ڕێبه‌ندان دا تکایه‌وه و یادگارێکی نه‌مری بۆ گه‌وره کچان و شۆڕه‌لاوانی شاخ به دیاری به‌ڕێ کرد.
جه‌عفه‌ری مورادی ده‌خوێن‌دا گلا، به‌ڵام ڕێکخراوی نهێنیی کۆمه‌ڵه هه‌ر له سه‌ر پێ مایه‌وه و، کارا و چالاک ڕێگای ئه‌ویان گرت و نه‌یان هێشت ڕێچکه‌ی هه‌ڤاڵ جه‌عفه‌ر کوێر ببێته‌وه؛ ئیتر ڕێبه‌ندان ڕێگیر نه‌بوو، چونکه جه‌عفه‌ر کاری خۆی کردبوو.
یادی جه‌عفه‌ری مورادی و هه‌موو یارانی هێژامان له بیردانی مرۆڤی ئازادیخوازی خاوه‌ن ویژدان‌دا هه‌ر زیندوو ده‌مێنێته‌وه.